"رەنج پشدەری" رۆژنامەنووس بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاندووە ، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوو بەلەمی لاستیکی کۆچبەران لە ئاوەکانی فەڕەنساوە بەرەو بەریتانیا بەڕێککەوتوون، بەلەمێکیان بەسەلامەتی گەیشتووە، بەڵام بەلەمی دووەم کە ٧٠ کۆچبەری کوردی لەسەرە بەھۆی شەپۆلی دەریاوە دووچاری مەترسیبوون و بەلەمەکەیان لەکارکەوتووە و سوتەمەنییان پێنەماوە. 

وتیشی، سەرجەم کۆچبەرەکان خەڵکی ھەرێمی کوردستان و منداڵیشیان تێدایە، پۆلیسی "کالاس"یش دەڵێت، دەبێت لایەنی بەریتانی بەھانایانەوە بچێت چونکە گەیشتوونەتە سنورە ئاوییەکانی بەریتانیا. 

"رەنج پشدەری" ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوە یەکەمجارە ژمارەیەکی زۆر کۆچبەر لەناو بەلەمێکی لاستیکیدا جێبکرێنەوە، چونکە ئەو بەلەمانە جێگەی ٣٠ بۆ ٤٠ کەس دەبێتەوە.