تیمی پارێزەرانی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق، دەستەی دادوەرانی ھەڵبژاردن بڕیاری کۆتایی لە بارەی دۆسیەکەی (لاھور جەنگی) دەرکرد  بەوەی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە و تەواوی رێکارەکان یاسایین.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بڕیارەکە لە بەرژەوەندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی دەرچووە و بڕیارەکە بە ھیچ جۆرێک شیاوی تانە لێدان نیە.

لای خۆیەوە، باڤێڵ حەکیم سەرۆکی تیمی پارێزەرانی بافڵ جەلال تاڵەبانی و پارێزەری تایبەت لەدۆسیەکە بە کوردسات نیوزی رایگەیاند، پێشتر پارێزەری لاھور جەنگی لە بەشی کاروباری تایبەت بە پارتە سیاسییەکان لە کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان سکاڵای تۆمارکردبوو، لەبارەی نایاسایی بوونی ھەمواری پەیڕەوی یەکێتی، دەرکردنی لاھور جەنگی، دانانی ژمارەیەک ئەندامی نوێی مەکتەبی سیاسی، دانانی بافڵ جەلال تاڵەبانی بەسەرۆکی یەکێتی.

وتیشی ئەنجومەنی کۆمسیاران لە ٣٠-١-٢٠٢٣ بە بڕیاری ژمارە سێ سکاڵاکەی رەتکردەوە و جەختیکردەوە کە بڕیارەکان یاسایی بوون و پێشتر لە دادگای سلێمانی بڕیاری لەبارەوە دراوە، دواتریش پارێزەری لاھور جەنگی لە  ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق، دەستەی دادوەرانی ھەڵبژاردن تانەی لە بڕیارەکەدا.

 باڤێڵ حەکیم باسی لەوەشکرد، دەستەی دادوەرانی ھەڵبژاردن لە ٢١-٢-٢٠٢٣ تانەکەی رەتکردەوە و بڕیارەکەی پێشووی پەسەندکرد لەبارەی یاسایی بوونی تەواوی رێکارەکان، بەوەش کۆتایی بەو دۆسیەیە ھات، بەو پێیەی بڕیارەکە بە ھیچ جۆرێک شیاوی تانە لێدان نییە.