بەڕێوەبەرایەتیی گشتی پۆلیسی ھەرێم پشکنینی "دی ئێن ئەی " بێبەرامبەر ئەنجامدەدات
٢١ی شوباتی ٢٠٢٣
بەڕێوەبەرایەتیی گشتی پۆلیسی ھەرێم لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، وەک بەڕێوەبەرایەتیی گشتی پۆلیسی ھەرێم- بەڕێوەبەرایەتی بەڵگەکانی تاوانی ھەرێم- تاقیگەی بایۆلۆجی DNAەیان ھەیە و پشکنینی باوکایەتیی ئەنجام دەدەن، ئەو خزمەتگوزارییە بێبەرامبەرە و لە وێبسایتی وەزارەتی ناوخۆ لە بەشی خزمەت بڵاوکراوەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بە پێی رێنمایی حکومەتی ھەرێم، تەنھا تاقیگەی وەزارەتی ناوخۆ بۆی ھەیە ئەو پشکنینە ئەنجام بدات و ھیچ تاقیگەیەکی تر بۆی نیە ئەو پشکنینانە بکات، لە دادگاکانیش تەنھا ئەنجامی پشکنینی تاقیگەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ پەسەند دەکرێت و بەھای یاسایی ھەیە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتی پۆلیسی ھەرێم راشیگەیاندووە، تاقیگەکەیان لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ نوێترین ئامێری پشکنینی DNAی بۆ دابینکراوە و بە ستانداردی نێودەوڵەتی کاردەکات، ئەفسەر و کارمەندی پسپۆڕ و خاوەن بڕوانامە کارەکانی بەڕێوەدەبەن.
دەشڵێت، ھەموو کاتێک ئامادەن بۆ ئەنجامدانی پشکنینی یاسایی لە تاقیگاکانی بەڵگە و تاوانی ھەرێم و یەکلاکردنەوەی کێشەکان بە شێوەیەکی زانستی و یاسایی و بە کەمترین ماوە.


