کاروان گەزنەیی لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، کابینەی نۆی حکومەتی ھەرێم بەناوی ڕێکخستنەوەی باج، زۆرترین پارە لە خاوەن کارەکان وەردەگرێت، بەجۆرێک لە بەشێک لە کۆمپانیا و خاوەن کارەکان بەشێوەی مەزەندە و دوور لە ھەموو یاسا و ڕێنماییەک، باج وەردەگرێت.

راشیگەیاندووە، کابینەی نۆ بە دوو شێوە باج لە ھاووڵاتییان وەردەگریێت، باجێک بەناوی خزمەتگوازارییەوە لە ڕێگەی کۆمپانیا تایبەتەکانەوە کە یان ھی بەرپرسێکن یان بازرگانێک کە خاوەندارێتی ھاوبەشیان ھەیە لەگەڵ بەرپرسان، باجێکی تریش حکومەت بە رەسمی وەریدەگرێت.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، لە ماوەکانی ڕابردوودا داوا لە بەشێک لە خاوەن کارەکانی ناوچەی پیشەسازی کراوە دەبێت باج بدەن بە حکومەت بەشێوەی مەزەندە کردن، ئەگەر سکاڵاش بکەن لەو باجەی بۆیان دیاریدەکرێت، دەبێت لە ساڵی ١٩٨٠ەوە باج بدەن؛ واتا پێیانراگەیەنراوە دەبێت باجی عەقار بدەن لە کاتێکدا زەوییەکەیان کرێییە و لەلایەن شارەوانییەوە بە شێوەی مساتەحە پێیان دراوە.

جەختی لەوەشکردوەتەوە، ھەموو دۆسیەکانی باج وەرگرتنی ناڕەوایان بەناو و بەڵگە رادەستی سەرۆکایەتی پەرلەمان و حکومەت و لیژنەکانی پەرلەمان کردووە بۆ دۆزینەوەی چارەسەر.