شیروان زرار وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردن و راپرسی ھەرێمی کوردستان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ئەگەر لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان، تاکو مانگی نیسان یان ئایار نەگەنە رێککەوتن، ئەستەمە ئەمساڵ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامبدرێت، چونکە کۆمسیۆن لە رووی تەکنیکیی و ئامادەکارییەوە شەش مانگی پێویستە بۆ بەڕێوەبردنی ھەڵبژاردن.

وتەبێژی کۆمیسیۆن ئاماژەی بەوەشکرد، پێشوازی لە پەیامەکەی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەکەن لەبارەی ھەڵبژاردن تاکو کۆتایی بە ئەم چەقبەستووییە بھێندرێت و پارێزگاریی لە شەرعییەتی ھەرێمی کوردستان بکرێت.

شیروان زرار لەبارەی ئەنجومەنی کۆمسیاران و ھەمواری یاسای ھەڵبژادن وتی، تائێستا چوار جار داوایان لە سەرۆکایەتی پەرلەمان کردووە یان متمانە بە ئەم ئەنجومەنەی ئێستا بداتەوە کە لە ٢٠١٩وە ماوەکەی تەواوبووە یان ئەنجومەنێکی نوێ ھەڵبژێردرێت و ئەگەریش رێککەوتن ھەبێت بە یەک دانیشتنی پەرلەمان ئەم کێشەیە چارەسەردەبێت. 

لەبارەی ھەمواری یاسای ھەڵبژاردنیش وتی، لە ئێستادا لایەنە سیاسییەکان رێککەوتوون و تەنھا کێشەی پێکھاتەکان ماوە و ئەگەر ئیرادە ھەبێت ئەوەش چارەسەردەکرێت.