تورکیا دەستی کردوەتەوە بە بڕینەوەی دارەکانی سەرێکانی لە رۆژئاوای کوردستان
٢٦ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢
ئاژانسی ھەواڵی ھاوار نیوز وێنەیەکی نوێی شاری سەرێکانیی بڵاوکردووەتەوە کە دەردەکەوێت سوپای تورکیا دارەکانی گوندی (حاج ئۆمەر)ی لە باشووری سەرێکانی بڕیوەتەوە.
سەرێکانی شارێکە لە ڕۆژئاوای کوردستان و دەکەوێتە سنووری باکوری کوردستان، ناوچەیەکی دەشتایی بە پیتە و درێژەی دەشتەکانی شەنگالە لە ھەرێمی کوردستان و نسێبین و حەڕان لە باکوری کوردستان، لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩وە لەگەڵ عەفرین و گرێسپی لەلایەن تورکیاوە داگیرکراوە.
بەپێی ئاماری کۆمیتەی کۆچبەرانی سەرێکانی لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا تەنھا لە گرێسپی و سەرێکانی ٥١١ کەس دەستگیرکراون و ١٨٥ کەسیش ڕفێندراون، ھاوکات ٥٦ کەس کوژراون و ٢ ھەزار و ٥٠٠ بنەماڵەی کۆچبەر لە شوێنی خەڵکە ڕەسەنەکە جێگرکراون.