وەزیری دادی توركیا: لە پرۆسەی ئاشتیدا گەیشتووینەتە قۆناغێكی زۆر باش
ئاکام
١٩ی ئەیلوولی ٢٠٢٦
وەزیری دادی توركیا دەڵێت، پرۆسەی ئاشتی پێی ناوەتە قۆناغێكی نوێوە و بڕگەكانی یاسای چوارچێوەش دەخرێنە بواری جێبەجێكردنەوە.
ئاكن گورلیك وەزیری دادی توركیا رایگەیاند: پرۆسەی ئاشتی گەیشتووەتە قۆناغێكی زۆر باش و پێشكەوتوو، بەتایبەتیش دوای ئەوەی پەرلەمانی توركیا بە دەنگی 467 پەرلەمانتار یاسای چوارچێوەی تایبەت بە پرۆسەی پەسەندكرد.
وتیشی: لەئێستادا قۆناغی دووەمی پرۆسەی ئاشتی دەستیپێكردووە، بەڵام جێبەجێكردنی كردارییانەی بڕیارەكان بەستراوەتەوە بەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی توركیا پرۆسەی چەكدانانی پەكەكە پشتڕاستبكاتەوە بۆئەوەی تەواوی هەنگاوەكان بچنە بواری جێبەجێكردنەوە.
وەزیری دادی توركیا ئاماژەی بەوەشكرد، هاووڵاتیان پێشوازییەكی گەرمیان لەو هەنگاوانە كردووە و زۆر دڵخۆشن بە بەڕێوەچوونی پرۆسەی ئاشتی و ئاواتەخوازن لەو رێگەیەوە سەقامگیریی هەمیشەیی بۆ توركیا بگەڕێتەوە.



