رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ھۆشداری دەدات لە جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدان
کوردسات نیوز
١٢ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢
سەبارەت بە لە سێدارەدانی ئەنجامدەرانی خۆپیشاندانەکانی ئێران، رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە راگەیەنراوێکدا، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات ھەنگاوی خێرا بگرنە بەر بۆ رێگریکردن لە جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدان، ئەگەر ڕێوشوێنی جدی بۆ ڕێگری لە لەسێدارەدانی خۆپیشاندەران نەگیرێتەبەر، ئەوا تاوانی ترسناکتری وەک سەرەتای دروست بوونی کۆماری ئیسلامی دووبارە دەبێتەوە، مەترسی ئەوەش ھەیە خەڵکێکی زۆر لە سێدارە بدرێن.
ھەروەھا داواش دەکات، سزای توند بەسەر ئێراندا بسەپێنن بۆ ئەوەی ئەو ھەزاران خۆپیشاندەرەی دەستگیرکراون لە سێدارەدان بپارێزرێن.
بەڕێوەبەری ڕێکخراوەکەش دەڵێت، لەسێدارەدانی لاوێکی ناڕازی لە بەردەم خەڵکدا، ٢٣ رۆژ دوای دەستبەسەرکردنی، تاوانێکی ترە ئەنجام دراوە و نیشانەی بەرزبوونەوەی ئاستی توندوتیژییە دژی خۆپیشاندەران.