بە بۆنەی کۆتاییھاتنی ئەرکەکانی وەک کۆنسوڵی گشتی ئەڵمانیا لە ھەرێم، جێگری سەرۆک وەزیران رۆڵی کلێمێنس سێمتنەری لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ئەڵمانیا و ھەرێمی کوردستانی بەرز نرخاند و ھیوای خواست پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێم و ئەڵمانیا لە بوارە جیاوازەکاندا پێشکەوتنی زیاتریش بە خۆیەوە ببینێت.

قوباد تاڵەبانی ستایشی ڕۆڵی ئەڵمانیاشی کرد کە بە درێژایی چەند ساڵی ڕابردوو ھاوکار و پشتیوانی پرۆسەی ڕیفۆرم بووە لە ھەرێمی کوردستان و بە تایبەتیش ڕۆڵی ئەو وڵاتەی لە چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و یەکخستنەوەی ھێزەکانی پێشمەرگەی بەرز نرخاند.

لە بەشێکیتری کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی دۆخی سیاسی عێراق کرا و ھەردوولا نیگەرانی خۆیان لە قوڵبوونەوەی ناکۆکییەکان لە بەغدا دەربڕی و ھاوڕابوون کە پێویستە لایەنە عێراقییەکان لەپێناو پاراستنی سەقامگیری عێراق و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی عێراق دۆخەکە ھێور بکەنەوە و لەڕێگەی گفتوگۆی نیشتمانییەوە ھەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان بدەن.