بافڵ جەلال تاڵەبانی: یەكێتی پشتیوان و هاوكاری هەر هەنگاوێكە كە بوژاندنەوەی شنگال بنرێت
کوردسات نیوز
٣ی ئابی ٢٠٢٢
بافڵ جەلال تاڵەبانی
لە ساڵیادی کۆمەڵکوژی ئێزدییەکاندا، سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی پەیامێکی بڵاوکردەوە:
لە ساڵیادی داگیرکردنی شەنگال و کۆمەڵکوژیی خوشک و برا ئێزدییەکانمان، سەری رێز بۆ شەھیدان دادەنەوێنین و بەڕێزەوە یادی قوربانییانی ئەو کارەساتە لەبیرنەکراوە دەکەینەوە.
ئەمڕۆ ٨ ساڵ بەسەر ئەو کارەساتە گەورەیەدا تێدەپەڕێت و تاوەکو ئێستاش سیماکانی ژیان لە شەنگال بەدی ناکرێت. شەنگال بووەتە قوربانیی ململانێ سیاسییەکان و ھەوڵەکان بۆ گەڕانەوەی دانیشتووانەکەی و ساڕێژکردنی برینەکانیان لاوازن. ئەرکی حکومەتی ھەرێم و حکومەتی عیراقە ھەنگاوی جددی و کرداریی بنێن لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەکان و گەڕانەوەی ھیوا بۆ خوشک و برا ئێزدییەکان.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ھەمووشێوەیەک پشتیوان و ھاوکاری ھەر ھەنگاوێکە کە ببێتە مایەی بووژاندنەوە و سەقامگیری لە شەنگال و گەڕانەوەی دانیشتووانەکەی. پشتیوان دەبین بۆ گەڕاندنەوەی ئازیزانمان و بەجینۆسایدناساندنی ئەو تاوانە گەورەیە.
دروود بۆ رۆحی پاکی شەھیدانی شەنگال و سەرجەم شەھیدانی رێگای رزگاریی کوردستان
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
٣ی ئابی ٢٠٢٢


