نێچیرڤان بارزانی لە وتارێکدا لە رێوڕەسمی ھەشت ساڵەی کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان رایگەیاند، ھێشتا دوو ھەزار و ٧١٧ ئێزدی رفێندراو بێسەروشوێنن، بەڵام دەبێت بەردەوامبن لەگەڕان بۆ دۆزینەوەی رفێندراوەکان، وتیشی، ئەوەی لە شەنگال روویدا گەورەترین کارەساتی سەردەم بوو و برینێکە و بە ئاسانی ساڕێژ نابێت، بۆیە پێویستە رێگە نەدرێت جارێکی تر کارەساتی لەو جۆرە دووبارە ببێتەوە.

سەرۆکی ھەرێم لەبارەی جینۆسایدی شەنگالەوە رایگەیاند، ھیوادارین ھاوپەیمانان ھاوکاربن بۆ ئەوەی کارەساتی شەنگال لە زۆرترین وڵات بە جینۆساید بناسێندرێت.

داواشی لە ھەموو وڵات و رێکخراوەکان کرد، ھاوکاری شەنگال و ئێزدییەکان بکەن و دەبێت رەوشی شەنگال ئاسایی بکرێتەوە و ئەرکی حکومەتی فیدڕاڵیە بە ھەماھەنگیی حکومەتی ھەرێم رەوشی شەنگال ئاسایی بکەنەوە و بودجەیەک بۆ ئاوەدانکردنەوەی شەنگال لە لایەن حکومەتی فیدڕاڵیەوە تەرخان بکرێت.