تیمی پارێزەرانی سزادراوانی بادینان: دەستگیرکراوانی بادینان خەریکە نزیکی مەرگ دەبنەوە
کوردسات نیوز
٢ی ئابی ٢٠٢٢
لە ڕاگەیەندراوێکدا کە ئاڕاستەی کونسوڵگەری و نێردە دیپلۆماتیەکان کراوە تیمی پارێزەرانی خۆبەخشی سزادراوانی بادینان ئاشکرایان کردووە، باری تەندروستی سزادراوانی مانگرتوی چاکسازی ھەولێر بە گشتی و شیلادزێ بەتایبەت بەرەو خراپی و ترسناکی دەچێت.
ھەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکە لەنێوان ئەوانەی رەوشی تەندروستیان زۆر خراپ و ترسناکە "نێچیرڤان بدیع" جگە لە خوێنبەربوون ھەردوو چاوەکانی کەم بینا بووە و ژانێکی زۆریشی لە ھەردوو گورچیلەکانیشی ھەیە، ھەروەھا "کۆڤان تاریق" توشی نەخۆشی پێست بووە و جگە لەوە"ئەمجەد یوسف" تووشی ڤایرۆسی جگەر بووە و بەھۆی مانگرتنەوە باری تەندروستی تێکچوە و ژمارەیەکی تریش لە مانگرتوان لە چاکسازین و باری تەندروستیان ناجێگیرە.
تیمی پارێزەرانی سزادراوانی بادینان داوایانکردووە، بەھانای دەستگیرکراوانی بادینانەوە بچن و خەریکە نزیکی مەرگ دەبنەوە و ئاشکراشیانکردووە ڕۆژی دوو شەممە ١٣ کەسی دیکە لە ئاسایشی گشتی ھەولێر لە نێویاندا ھەریەک لە "سەدرەدین سلێمان" و "شەوکەت شەرەفانی" و "ئەکرم ئامێدی" مانیانگرتووە بەھۆی ئەوەی کە سێ ساڵ و سێ مانگە ڕاگیراون دادگایی ناکرێن .



