بەڕێوەبەرایەتی ھاتووچۆی سلێمانی مامەڵەی ھاوڵاتیان ئاسان دەکات
٢ی ئابی ٢٠٢٢
بەڕێوەبەرایەتی ھاتوچۆی سلێمانی ڕایگەیاند، پاش ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا بارێکی زۆر لەسەر بەڕێوەبەرایەتی ھاتووچۆی سلێمانی دروست بووبوو کە بەھۆیەوە مامەڵەی ھاوڵاتییان دوا دەکەوت و کاتێکی زۆرتریان پێ دەچوو تا بتوانن مامەڵەکانیان تەواو بکەن، لەم روانگەیەوە بەڕێوەبەرایەتی ھاتووچۆی سلێمانی دوای داڕشتنی پلانی وورد توانرا میکانیزمێک بدۆزرێتەوە بۆ ئاسانکاری ھاوڵاتییان لە تەواوکردنی مامەڵەکانیاندا بەشێوەیەکی خێراتر.
بەڕێوەبەرایەتیەکە چەند ھەنگاوێکی ناوە بەم ئاراستەیە و ڕایگەیاند ئەم ھەنگاوانە پەیڕەو دەکات:
١. نەھێشتنی ڕۆتینی نووسراوەکان لە ئیمزاو سەردانیکردنی ژوورەکان.
٢. کەمکردنەوەی ھەنگاوەکانی مامەڵە و یەکخستنی ژوورەکان کە وا دەکات ھاوڵاتی بە یەکجار نۆرەگرتن چەند کارێک تەواو بکات و ھەروەھا لەبری ئەوەی لە چەند ژوورێک ھاوڵاتییەکە پسووڵە ببڕێت لە یەک شوێندا دەتوانێت بەشی پسوڵە تەواو بکات.
٣. ڕێکخستنەوە و دابەشکردنەوەی ئەفسەر و کارمەندان و پێدانی دەسەڵات بە ئەفسەرەکان لە ڕێگەی شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکانی بەڕێوەبەری ھاتووچۆی پارێزگای سلێمانی بۆ بەڕێوەبەری بەش و ھۆبەکان.
٤. ڕێکخستنی کاری کۆمپانیاکان و لابردنی سنووردارکردنی مامەڵە، ھەروەھا درێژکردنەوەی ماوەی کارپێکردنی پشتگیری کۆمپانیاکان.
٥. زۆرکردنی لیژنەکانی پشکنین لە (٣) لیژنەوە بۆ (٩) لیژنە و بڵاوەپێکردنیان بەسەر تاقیگەکانی پشکنینی ئوتومبیلدا.
ئاماژەشی بەوە کرد، ئەگەر وەک نموونە ژمارەی تەواوکردنی مامەڵەی ھاوڵاتییان وەربگرین لە چەند رۆژێکی مانگەکانی رابردوو و ئێستادا دەبینین کە پلانەکە سەرکەوتوو بووە و مامەڵەی ھاوڵاتییان زیاتر تەواو دەکرێت و بە کاتێکی کەمتر.
بەڕێوەبەرایەتیەکە ڕایگەیاند کە دوای جێبەجێ کردنی بڕیارەکە ژمارەی ئەو کارانەی بە ڕێکراون لە ٥٠٠ مامەڵەوە بۆ ھەزار مامەڵە زیادی کردوە.


