قوباد تاڵەبانی: بەردەوام بن لەچاکسازی ئیداری لەپێناو باشتر خزمەتکردنی ھاوڵاتیان
١ی ئابی ٢٠٢٢
لەکۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ ٢٠٢٢/٨/١ لە ھەولێر بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی ستایشی کردن لەپای سیستەمی کار و چۆنیەتی ڕاپەڕاندنی ئەو مامەڵانەی ئاڕاستەی دیوان دەکرێن.
جێگری سەرۆک وەزیران، ئاماژەی بەوەشدا کە سیستەمی کارکردن لەناو دامودەزگاکانی حکومەتی ھەرێم پێویستی بەچاکسازی بەردەوام ھەیە و داوای لە سەرۆکی فەرمانگەکان کرد کە بەردەوام بن لەو چاکسازییە بۆ ئەوەی بتوانن بەزوترین کات مامەڵەی ھاوڵاتیان ڕاپەڕێنن و خزمەتەکان پێشکەشی خزمەتخواز بکرێت بە ئاسانترین وباشترین شێوە.
جەختیشی کردەوە کە؛ یەکێک لە کارە لەپێشینەکانی حکومەتی ھەرێم نەھێشتنی رۆتینە لەدامودەزگاکاندا و لەوپێناوەشدا پڕۆژەی خزمەتمان سەرپێ خستووە کە یەکێک لە ئامانجەکانی ئەو پڕۆژەیە نەھێشتنی رۆتینە.
دواتر دکتۆر ئومێد سەباح سەرۆکی دیوان و سەرۆکی فەرمانگە و بەڕێوبەرەکان، تێبینی و پێشنیارەکانیان خستەروو بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتانەی رووبەڕوویان دەبێتەوە وپێکەوە پلانی چارەسەر کردنیان بۆ ئامادەکرد.


