پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، سەعات ١١:٣٠ نیوەڕۆی ئەمڕۆ لەسەر رێگەی "قائید" کە رێگەیەکی سەربازی سەردەمی رژێمی بەعسە، درۆنێک ئۆتۆمبێلێکی کردە ئامانج.

بەپێی زانیارییەکان ئۆتۆمبێلەکە لە جۆری لاندکروزەر بوە و بەھۆی بۆردومانەکەوە دوو کەس بریندار بوون و تائێستا نازانرێت ئەو لایەنە کێیە کە ھێرشەکەی ئەنجام داوە و ناشزانرێت ئەو ئۆتۆمبێلەی کە کراوەتە ئامانج ھی کێیە.

ئەوەش لەکاتێکدایە ئەمڕۆ جارێکی تر بنکەی سەربازی تورکیا لە ناحیەی بامەڕنێ لە سنوری ئامێدی کرایە ئامانج، پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، لە ئەمساڵدا ئەوە پێنجەم جارە ئەو بنکە سەربازییە دەکرێتە ئامانج.

پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، بنکە سەربازییەکە بە تۆپھاوێژ کراوەتە ئامانج و تا ئێستا رێگە نەدراوە زیانەکانی ئاشکرا بکرێت.

لە بەرامبەر بۆردومانکردن و لەشکرکێشی بۆ سەر خاکی ھەرێم لە لایەن تورکیاوە، لە ماوەی ئەمساڵدا چەندین جار بنکە سەربازییەکانی تورکیا لە ناحیەی بامەڕنێ و ناحیەی سیرێ لە ئامێدی و بنکەی سەربازی تورکیا لە ناحیەی زێلکان لە موسڵ کراوەتە ئامانج.