نەتەوەیەکگرتوەکان: ٢٠ کۆچبەر لە سنوری نێوان پۆڵەندا و بێلاڕوس گیانیان لەدەستداوە
کوردسات نیوز
٢٨ی تەمووزی ٢٠٢٢
فلیپ گۆنزالیس مۆرالیس بڕیاردەری نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ مافی کۆچبەران، دوای سەردانی بۆ پۆڵەندا و بێلاڕوس رایگەیاند، ھێزەکانی پاسەوانی پۆڵەندا ئاوپرژێنیان لەبەرامبەر ئەو کۆچبەرانە بەکارھێناوە کە روویان لە سنوری وڵاتەکەیان کردوە، ئەوەش کارێکی نەگونجاو بووە لەو کاتەدا، وتیشی، لانیکەم ٢٠ کۆچبەر لە دارستانەکانی نێوان پۆڵەندا و بێلاڕوس گیانیان لەدەستداوە و دەسەڵاتدارانی بێلاڕوس ھیچ رێوشوێنێکیان نەگرتووەتەبەر بۆ رێگری لە چوونی ٢٥٠٠ کۆچبەر بۆ سنوری پۆڵەندا.
ساڵی رابردوو ھەزاران کۆچبەر کە بەشێکی زۆریان خەڵکی عێراق و ھەرێمی کوردستان بوون بە ئامانجی گەیشتن بە ئەوروپا روویان لە سنورەکانی نێوان بێلاڕوس و پۆڵەندا کرد و قەیرانێکی مرۆیی لەسەر سنوری ھەردوو وڵات سەریھەڵدا، دواتریش بەشێک لە کۆچبەرەکان گەڕێندرانەوە ھەرێمی کوردستان.



