لە تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی چوار شەمە ٢٧ی تەموزی ٢٠٢٢ لە ھەولێر بەڕێوەچوو و تیایدا دەیڤید ھەنت کۆنسوڵی گشتی بەریتانیا لە ھەرێم ئامادەی بوو، باسی گفتوگۆکانی پێکھێنانی حکومەتی داھاتووی عێراق کرا. لەم چوارچێوەیەدا جێگری سەرۆک وەزیران رایگەیاند عێراق لەوە زیاتر بەرگەی ململانێی ناپێویست لەسەر پۆست و ئیمتیاز ناگرێت و پێویستە لایەنەکان لە پرۆسەی پێکھێنانی حکومەتدا گفتوگۆکانیان لەسەر پرسە سیاسییە چارەنووسسازەکان و چۆنییەتی پێکھێنانی حکومەتێکی کارای خزمەتگوزار و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا چڕبکەنەوە.

قوباد تاڵەبانی جەختیشی کردەوە لەم قۆناغەدا رێککەوتن لەسەر پرسی نەوت و گاز و پەسندکردنی یاسای نەوت و گاز دەبێت لە ئەولەوییەتی دانووستانەکانی پێکھێنانی حکومەتی داھاتووی عێراق بێت چونکە رێککەوتن لەسەر ئەم پرسە زەمینەی لەبار دروست دەکات بۆ رێککەوتن لەسەر پرسە چارەنووسسازەکانیتر.

لە بەشێکیتری کۆبوونەوەکەدا جێگری سەرۆک وەزیرانی ئاماژەی دا بە کێشەکانی ژینگە و مەترسییەکانی سەر سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق و ھەرێمی کوردسان و رایگەیاند پێویستە پرسی ژینگەش لە ئەولەوییەتەکانی حکومەتی داھاتووی عێراق بێت.

لە کۆبوونەوەکەدا باڵیۆزی بەریتانیا ستایشی ھەنگاوە چاکسازییەکانی حکومەتی ھەرێمی کرد و ئامادەیی وڵاتەکەی دووپات کردەوە لە یارمەتیدانی ھەرێمی کوردستان بۆ خێراترکردن و بەرەوپێشبردنی زیاتری پرۆسەی ریفۆرم لە دامەزراوەکانی حکومەتدا. داواشیکرد لە داھاتوویەکی نزیکدا حکومەتی ھەرێم کۆبوونەوەیەکی تایبەت بۆ باڵیۆز و نێردە دیپلۆماسییەکان رێک بخات بۆ باسکردن و تاوتوێکردنی پرۆسەی ریفۆرم لە ھەرێمی کوردستان.

لە بەشێکیتری کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی سوپاسی کۆنسوڵی گشتی بەریتانیای کرد کە بەر لە ماوەیەک سەردانی دەڤەری راپەڕینی کردوە و داوایکرد سەردانی شار و شارۆچکەکانی دیکەش بکات بۆ ئەوەی پێکەوە پلانی ھاوبەش دابنێن بۆ وەبەرھێنان لەو دەڤەرانە و رەخساندنی ھەلی کار بۆ دانیشتوانی شاروشارۆچکەکانی ھەرێمی کورستان.