سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی ھەرێمی کوردستان بەھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی ھەرێم داوای قەدەغەکردنی ھەموو ئەو پێگە و ماڵپەڕە ئەلیکترۆنییانە دەکات کە بەکارھێنانیان گرفتی کۆمەڵایەتی لێدەکەوێتەوە و شیرازەی خێزان دەشێوێنن، بۆ ئەو مەبەستەش سەرۆکی داواکاری گشتی و وەزیری گواستنەوە و گەیاندن، جەختیان لە پتەوکردنی ھەماھەنگی و کاری پێکەوەیی کردەوە بە تایبەت لەو پرسانەی دەچینە چوارچێوەی ئادابی گشتییەوە.

ھاوکات سەرۆکی داواکاری گشتی داوای لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن کردووە، تۆڕەکانی گەیاندن و پەیوەندیکردن پابەندبکات بە قەدەغەکردنی ھەموو ئەو پێگە و ماڵپەڕە ئەلیکترۆنی و سایتانەی بابەت و ڤیدیۆ و وێنەی نەشیاو بڵاودەکەنەوە و ھانی قومارکردن و ئەو یارییە ئەلیکترۆنییانە دەدەن کە دەکەونە چوارچێوەی قومارکردنەوە و بوونەتە ھۆکاری تێکدانی شیرازەی خێزان و چەندین گرفتی کۆمەڵایەتی لێکەوتووەتەوە.

ھەروەھا پێشنیازیشکراوە ھەموو کۆمپانیاکانی بواری گەیاندن و پەیوەندیکردن، پاکێجی خێزانی فەراھەم بکەن، بۆ ئەوەی رێگری لە منداڵان و نەوجەوانانی خوار تەمەنی باڵغ بوون بکەن، پێگە و ماڵپەڕە نەشیاوەکان سەیربکەن.