بە پێی نوسراوێکی وەزارەتی تەندروستی ھەرێم کە ئەمڕۆ دەرچووە و ئیمزای وەزیری تەندروستی لەسەرە ئاماژە بەوەکراوە، پێویستە مانگانە خشتەی ئێشکگریی بە فەرمانی کارگێڕیی دەربکرێت و ھەڵبواسرێت و لەکاتی گۆڕینەوەش دەبێت پێشتر بەڕێوەبەرایەتی نەخۆشخانە و سەرۆک بەش و سەرۆکی پزیشکان رەزامەند بن.

جەختیشیکردووەتەوە، پێویستیشە پزیشکی پسپۆڕی ئێشکگریی یان نیشتەجێی دێرین لەکاتی ئێشکگریی بەردەوام لە نەخۆشخانە بن و نابێت پزیشکی پسپۆڕی ئێشکگریی یان نیشتەجێی دێرین لە کلینکی تایبەتی خۆی یان لە نەخۆشخانەی تایبەت بێت لە رۆژی ئێشکگریدا.

لە کۆتایی نوسراوەکەشدا ھاتووە، بەکارھێنانی ھۆکارەکانی پەیوەندیکردن وەک (ڤایبەر و وەتسئەپ و تەلەفۆن) بۆ راوێژکردن بە ھەموو شێوەیەک قەدەغەیە، چونکە دەبێت ئێشکگر ئامادەبێت و نەخۆش ببینێت.