دەقی پەیامی پیرۆزباییەکە...

پەیامی پیرۆزبایی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بزووتنەوەی گۆڕان

بە بۆنەی سێزدەمین ساڵیادی ڕاگەیاندن و بەشداری بزووتنەوەی گۆڕان لە پرۆسەی سیاسیی،  پیرۆزبایی لە گشت ئەندام و ھەڵسوڕاو و لایەنگرانی بزووتنەوەی گۆڕان دەکەم و ئومێدی سەرکەوتن و پێشکەوتنیان بۆ دەخوازم لە پێناو خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان و داکۆکیکردن لە دەسکەوت و پرسە نیشتیمانییەکان. 

ھیوادارم بزووتنەوەی گۆڕان وەک لایەنێکی گرنگی پێکھێنەری کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، لە گەڵ لایەنە بەشدارەکانی دیکەی حکومەت، زیاتر ھەماھەنگ و ھاوکاربن بۆ  ئەوەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، کارنامە چاکسازییەکەی باشتر جێبەجێ بکات و زیاتر خزمەتی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان بکات لە پێناو ئایندەیەکی گەشتر بۆ گەلی کوردستان. 

مەسرور بارزانی 
سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان
 ٢٥ ی تەمموزی ٢٠٢٢