ڕێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، "داواکاریی گشتی یەکێکە لە دامەزراوە گرنگەکانی ھەرێمی کوردستان و کاریگەریی گەورەی ھەیە لە پاراستنی مافی گشتی و سەروەت و سامانی گشتیدا، بۆئەوەی کارا بێت و بتوانێت ڕۆڵی خۆی بە تەواوی بگێڕێت، پێویستە یاسایەکی سەربەخۆی خۆیان ھەبێت بۆ بینینی ڕۆڵی کارایان لەو ئەرکانەی کە پێیان سپێردراوە لە یاسا بەرکارەکاندا".

وتیشی، دوو پێشنیازەیاسا بۆ داواکاریی گشتی لەلایەن پەرلەمانەوە ئاراستەی ئەنجوومەنی دادوەری و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کراوە بەمەبەستی وەرگرتنی ڕا و سەرنجیان لەسەر ھەردوو پێشنیازەیاساکە، بەڵام لەلایەن ھەردوو دامەزراوەوە ڕەتکراوەتەوە".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی پەرلەمان جەختی لەوە کردەوە کە بەھێزبوونی داواکاریی گشتی بەواتای بەھێزبوونی دامەزراوەکانی تری ھەرێمی کوردستان دێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و یاسا شکێنیدا.

لایخۆشیەوە کاوە فەتحی مەعسوم، سەرۆکی داواکاریی گشتی و شاندی یاوەری، داوایان لە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کرد کە پەرلەمان ھاوکاریان بێت بە ناردنی تێڕوانینەکانیان بۆ دەوڵەمەندکردنی ئەو پڕۆژەیاسایەی کە پێشکەشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەکرێت و پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە مافی گشتیی ھاوڵاتییانەوە ھەیە و پەرلەمانی کوردستان پشتیوانیان بێت لە پیادەکردنی دەسەڵاتەکانیان لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیی ھاووڵاتییان و چاودێریکردنی ڕەوایەتیی بڕیارەکان.