شاناز ئیبراھیم ئەحمەد کارگێڕی مەکتەبی سیاسی (ی.ن.ک) و سەرپەرشتیاری مەڵبەندەکانی (سلێمانی، چەمچەماڵ، شارەزوور، گەرمیان و ڕاپەڕین) پێشوازیکرد لە وەفدێکی ژنانی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) بە سەرۆکایەتی زەینەب موراد ھاوسەرۆکی کەنەکە لە دیدارێکدا پێشھات و بارودۆخی سیاسیی ناوچەکە و کوردستانیان تاوتوێکرد و پێویستی یەکڕیزیی نێوان ھێز و لایەنەکان و ھاودەنگی ژنانی کوردیان دووپاتکردەوە.

لە دیدارەکەیاندا، سوپاس و ڕێزلێنانی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستانیان لە ڕێگەی شاناز ئیبراھیم ئەحمەدەوە پێشکەشی خاتوو ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد کرد و ڕایانگەیاند وەک ژنێکی سەرکردە و نیشتمانپەروەر پاڵپشت و پشتیوانیان بووە لە خەباتی نەتەوەیدا و دووپاتیانکردەوە کە ماندووبوونی خاتوو ھێرۆ لە مێژووی خەباتی ھاوچەرخی نەتەوەیدا بەرز و زیندوو ڕادەگرن.

لە وتەیەکیدا، شاناز ئیبراھیم ئەحمەد لە کاتی سەردانیکردنی گەلەری "زەڕەیەک خاکی وەتەن نادەم بە قەسری قەیسەری" لەبارەی بیرۆکە و ئامانجی پڕۆژەکە بەرچاو ڕوونی بە وەفدی میواندا و ئاماژەی بەوەدا کە لە پڕۆژەکەدا خاکی پیرۆزی شار و ناوچە جیاجیاکانی نیشتمان نمایشکراوە و خراونەتە پاڵ یەک وەک ئاماژەیەک بۆ یەکپارچەیی خاکی کوردستان و سوپاسگوزاری بۆ وەفدی ژنانی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان دووپاتکردەوە کە نموونەی خاکی پیرۆزی شارەکانی باکوری کوردستانیان بۆ گەلەرییەکە ھێناوە.

لای خۆیانەوە، وەفدی ژنانی (کەنەکە)، لەگەڵ نیشاندانی سەرسامییان بە پڕۆژەکە، دەست خۆشیان لە شاناز ئیبراھیم ئەحمەد کرد کە لەسەر دەستیان پڕۆژەیەکی نیشتمانی گەورە بونیادنراوە، ھاوکات باسیان لەوەشکرد کە لە تێگەیشتنیان بۆ پیرۆزیی و ئامانجی پڕۆژەکە بە پێویستیان زانیوە نموونەی خاکی ٢٢ شار و ناوچەی باکوری کوردستان پێشکەش بکەن و گەلەرییەکەی پێ دەوڵەمەندتر بکەن.

گەلەری "زەڕەیەک خاکی وەتەن نادەم بەقەسری قەیسەری" نمایشێکە بۆ نیشاندانی نموونەی خاکی شار و ناوچە جیاوازەکانی کوردستان کە ھەریەکێکیان ڕەنگ و شێوە و بۆنی تایبەتی خۆی ھەیە، پڕۆژەکە وەک گوزارشتێکە لە پیرۆزیی خاک و کارکردن و تێکۆشان و ھەوڵەکانی مامۆستا ئیبراھیم ئەحمەد بۆ خەباتکردن لە پێناو کوردستان و سەربەستی گەلەکەیدا.