حکومەت: شاندی دانوستانکار ئامادەیە سەردانی بەغداد بکات بۆ گفتۆگۆکردن لەسەر کێشەکان
٣٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٢
کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی ھەرێمی بۆ کاروباری نەوت وگاز و یەکەمین کۆبوونەوەی ئەنجومەنەکەیە لە دوای ھەموارکردنی یاسای نەوت وگاز، لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت و جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ھەرێمی بۆ کاروباری نەوت وگاز ئامادەی بوو.
لە کۆبوونەوەکەدا "داھاتی گشتی بەدەستھاتوو لە ھەناردەکردن و فرۆشتنی نەوت خرایەڕوو کە بریتییە لە کۆی گشتی نەوتی بەرھەمھاتوو و ھەناردەکراو و بەکارھێنراوی ناوخۆیی و تێکڕای نرخی یەک بەرمیل نەوتی فرۆشراو لەو ماوەیەدا."
بەپێی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، حکومەت مووچەی ھەموو مانگێکی لە داھاتەکانی نەوت و ناوخۆی ھەرێم دابین کردووە و ھەموو مانگ مووچەی دابەش کردووە.
باس لەوەش کراوە، " حکومەت فیدرالی بۆ شەش مانگی ساڵی٢٠٢٢ دەبووایە ترلیۆنێک و دووسەد ملیار بنێرێت بەڵام تەنیا دوو مانگ لەو ماوەیەدا بڕە پارەی ناردووە کە تەنیا ٤٠٠ ملیار دینارە."
"کۆبوونەوەکە جەختی لە چارەسەرکردنی کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوور کردەوە و دووپاتیشی کردەوە کە؛ شاندی دانوستانکاریی ھەرێم ئامادەیە سەردانی بەغداد بکات بۆ گفتۆگۆکردن لەسەر کێشەکان."


