لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی پێنج شەمە ٣٠ حوزەیرانی ٢٠٢٢ بەڕێوەچوو و ھەریەکە لە مارک برایسن ریچاردسن باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق و دەیڤید ھانت کۆنسوڵی ئەو وڵاتە لە ھەولێر ئامادەبوون، باس لە پێویستی ھاوکاری نێودەوڵەتی کرا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تۆڕەکانی تاوانکاری و قاچاخچییەکانی مرۆڤ و مادەی ھۆشبەر کە ئەم تۆڕانە بە درێژایی ساڵانی رابردوو خەڵکێکی زۆریان ھەڵخەڵتاندووە و پارەی خەڵکیان خواردوە و ساڵانەش ژمارەیەکی زۆر خەڵک دەکەنە قوربانی.

جێگری سەرۆک وەزیران لە کۆبوونەوەکەدا جەختی کردەوە باشترین رێگە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تۆڕەکانی تاوانکاری نەھێشتنی زەمینەی کۆچکردنی گەنجانە بۆ دەرەوەی وڵات و ئەمەش تەنھا بە گەشەپێدانی ئابوری و بەھێزکردنی کەرتی تایبەت و رەخساندنی ھەلی کاری زیاتر دەکرێت. 

قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بە پلانی حکومەتی ھەرێم بۆ چاکسازی و بەھێزکردنی کەرتی تایبەت کرد و داوایکرد حکومەتی بریتانیا زیاتر ھاوکاری حکومەتی ھەرێم بێت لە بەھێزکردنی کەرتی تایبەت و بوژانەوەی ژێرخانی ئابوری ھەرێم.

 جێگری سەرۆک وەزیران ئامادەیی حکومەتی ھەرێمیشی دەربڕی بۆ ھەموو جۆرە ھاوکارییەکی بریتانیا و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تۆڕەکانی قاچاخچێتی مرۆڤ و مادەی ھۆشبەر و ئاماژەی بەوەشدا ھێزە ئەمنییەکانی کوردستان لە ئێستادا زۆر جدیتر و چاوکراوەتر لە جارانن لە دۆزینەوە و دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی بازرگانی بە مرۆڤ و مادەی ھۆشبەرەوە دەکەن.