وەزیری ناوخۆی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەشێکی زۆر لەو چەکەی بەکاردێت بۆ ئەنجامدانی تاوانی کوشتن، ئەو چەکانەیە کە لە دەست ئۆرگانە فەرمییەکانی وەک ئاسایش و پێشمەرگە و پۆلیسدان.

 رێبەر ئەحمەد وتیشی، لە ئێستادا شوێنێک نییە تاوەکو ھێزەکانی پێشمەرگە چەکەکانی خۆیانی تێدا ھەڵبگرن، بۆیە داوا لە وەزیری پێشمەرگە کراوە تاوەکو شوێنێک بۆ کۆگاکردنی چەکی پێشمەرگە دابین بکرێت و ھێزەکانی پێشمەرگە لەدوای تەواوبوونی ئەرکەکانیان چەک لەو کۆگایە دابنێن.

راشیگەیاند، ئەو کەسەی کە چەک ھەڵدەگرێت پێویستە بایۆمەتری لەلای حکومەتی ھەرێم ھەبێت، و بە میکانیزمی نوێ شێوازی کڕین و فرۆشتنی چەک رێکدەخرێت.