لە کۆبوونەوەکە کە رۆژی پێنج شەمە ٣٠ حوزەیرانی ٢٠٢٢ بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی ستایشی رۆبەرت پاڵەدینۆی کرد کە لەماوەی کارکردنیدا لە ھەولێر رۆڵی گەورەی بینیوە لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بەبۆنەی کۆتاییھاتنی ئەرکەکەشی وەک کۆنسوڵی ئەمریکا لە ھەولێر ھیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکەکانی داھاتوویدا.

لە تەوری سەرەکی کۆبوونەوەکەدا باسی چۆنییەتی بەھێزکردنی کەرتی تایبەت و کەمکردنەوەی رۆتین لە دامەزراوەکانی حکومەتی ھەرێم کرا. لەمبارەیەوە جێگری سەرۆک وەزیران پلانی حکومەتی باس کرد بۆ گەشەپێدانی کەرتی تایبەت و رایگەیاند ئامانجی حکومەتە لەڕێی بەھێزکردنی کەرتی تایبەتەوە ژێرخانی ئابوری ھەرێم بەھێز بکات و ھەلی کاری زیاتر بۆ ھاوڵاتیان بڕەخسێنێت. 

قوباد تاڵەبانی باسی لەوەشکرد لەپێناو کەمکردنەوەی رۆتین  لەم دوایانەدا لەگەڵ وەبەرھێنەران کۆبووەتەوە و لە ئێستاشدا لەگەڵ دامەزراوەکانی حکومەت کاردەکەن بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ کەمکردنەوەی رۆتین.

لە کۆبوونەوەکەدا کۆنسوڵی گشتی ئەمریکا سوپاسی قوباد تاڵەبانی کرد کە لەماوەی رابردوودا ھاوکاریان بووە لە بەھێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی ھەرێم و ئەمریکا. ھەروەھا ستایشی ھەوڵەکانی قوباد تاڵەبانی کرد لە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی و بەرگری لە ئازادی رۆژنامەگەری لە کوردستان.