سەرۆکی پەرلەمان پیرۆزبایی لە حزبی شیوعیی کوردستان دەکات
٣٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٢
دەقی پەیامی پیرۆزباییەکە...
بەبۆنەی (٢٩) بیست و نۆیەمین ساڵیادی ڕاگەیاندنی حزبی شیوعیی کوردستان، جوانترین پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی سکرتێر، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی، سەرجەم ئەندامان و لایەنگرانی حزبە تێکۆشەرەکەتان دەکەین.
ھیواخوازین ئەم یادە جوانە ببێتە مایەی ئاشتی و تەباییی زیاتری نێوان سەرجەم حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، ھەمیشە لە پێشکەوتن و سەرکەوتنی بەردەوامدابن.
مێژووی ڕاگەیاندنی حزبی شیوعیی کوردستان، مێژوویەکی پڕ لە سەروەری و شانازییە بۆ ھەموو لایەک، بەتایبەت کە لە سێ دەیەی ڕابردوودا وەک ھێزێکی میانڕەو ڕۆڵێکی ئەرێنی و بەرچاوی ھەبووە لە یەکخستنی گوتاری سیاسی و یەکڕیزیی نێو ماڵی کوردی.
حزبی شیوعیی کوردستان، ھەر لەسەرەتاوە ھەڵگری چەندین پەیامی دیموکراسی و نیشتمانیی بەرز بووە، بنەماکانی یەکسانی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، دوو چەمکی پیرۆز و دیاری ئەم حزبەن کە لەسەری دامەزراوە، ئومێدەوارم وەک ھەمیشە لەسەر ڕێباز و ھەڵوێستە نیشتمانییەکانی بەردەوام بێت و گەشە بکات.
جارێکی دیکە پیرۆزباییتان لێدەکەم، شاد و سەرفرازبن..
د. ڕێواز فائق
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
٢٠٢٢/٦/٣٠