سەرۆکی حکومەتی ھەرێم: ھەرچی شوێنی چەک فرۆشتن ھەیە دادەخرێن
کوردسات نیوز
٣٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٢
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا ڕایگەیاند ئەمڕۆ داوای لە وەزارەتی ناوخۆ کردووە ھەرچی شوێنی چەک فرۆشتن ھەیە دابخرێن و ھەرچی چەکی بێ مۆڵەتە دەستی بە سەردا بگرن، بۆ ئەوەی چیتر نەبنە ھەڕەشە بۆ سەر ژیانی خەڵک.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئاسایشی خەڵک و وڵاتی خۆمان ناکەینە قوربانی خراپکاران و قاچاخچییان و ھەلپەرستان و داوا لە خەلکی کوردستان دەکەم، چەکی بێ مۆڵەت ڕادەستی حکومەت بکەن و خۆیان بەشداربن لە پڕۆسەی پاککردنەوەی کوردستان لە چەکی بێ مۆڵەت. دواتر بە پێی یاسا، بابەتی مامەڵەکردن بە چەک ڕێک دەخرێتەوە.
داواشی لە دادگاکان کرد، چاوپۆشی و کەمتەرخەمی لە جێبەجێکردنی یاسا نەکەن و دڵنیاشی کردنەوە کە بە ھەموو شێوەیەک، پاڵپشت و ھاوکاریان دەبن.