وەزارەتی خوێندنی باڵا: بۆ پاراستنی سەروەری یاسا و حەرەمی زانکۆکان ڕێکاری یاسایی دەگرینەبەر
٢٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٢
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی ھەرێم لە ڕاگەیەندراوێکدا، نیگەرانی دەربڕی سەبارەت بە ڕووداوە نەخوازراوەکەی زانکۆی سەڵاحەدین لە ھەولێر، کە خوێندکارێک بە چەکەوە ھێرشی کرد و بەھۆیەوە دوو مامۆستای زانکۆکە کوژران و کارمەندێکیش بریندار بووە.
وەزارەتی خوێندنی باڵا سەرباری سەرەخۆشی لە کەسوکاری ئەو دوو مامۆستایە ڕاشیگەیاند، بە توندی ئیدانەی ئەو جۆرە دەستدرێژییانە دەکەن و لە پێناو پاراستنی سەرەوەری یاسا و پاراستنی حەرەمی زانکۆکان ھەموو ڕێکارێکی یاسایی دەگرنەبەر، ھیواداریشن ھەموو مامۆستایان و خوێندکاران و دەستەی ئەکادیمی زانکۆکان ھەماھەنگ بن بۆ ئەوەی نەھێڵن ئەو دیاردە دزێوانە بپەڕنەوە ناو حەرەمی زانکۆکان و پەرەنەسێنن.