بەپێی راگەیەندراوێکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی ھەرێمی کورستان لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا مەبەست لە کۆبوونەوەکە ئەوەیە گفتوگۆیەکی ڕاشکاوانە لەگەڵ ڕاگەیاندن و لە ڕێگەی ئەوانیشەوە، لەگەڵ خەڵکی کوردستان بکەن بۆ بەرچاوڕوونی و خستنەڕووی زانیاری و ڕوونکردنەوەی ھەڵوێستی حکومەت لە بارەی چەندین بابەتی گرنگ.

ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرۆکی حکومەت داوای لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن کرد ھاوکار و یارمەتیدری حکومەت بن بۆ سەرخستنی پرۆسەی چاکسازی و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، ئاماژەشی بەوەدا کە ڕاگەیاندن ئەرکێکی پیرۆز و گرنگی ھەیە و پێویستە بە بەرپرسیارییەتیەوە ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن.

 راشیگەیاند، سەرۆکی حکومەت دووپاتی کردەوە کە حکومەتی ھەرێمی کوردستان، پشتیوانی لە ئازادی ڕاگەیاندن و ڕادەبڕین و ڕەخنەگرتن دەکات بۆ چاکسازی و باشترکردن و بەرەوپێشبردنی بارودۆخی کوردستان، بەڵام لە ھەمانکاتدا  پێویستە ڕاگەیاندن داکۆکیش لە پرسە نیشتمانییەکان و دەسکەوتەکان بکات کە لە ئەنجامی قوربانیدانێکی زۆری خەڵکی کوردستانەوە بەدەست ھاتوون.