سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی ھەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە سلێمانی رایگەیاند، لە ئێستادا بەھۆی گەرماوە وەرزی زیادبوونی سکچونە و ژمارەیەکی زۆری ئەوانەشی توشی سکچون دەبن پشکنینی بەکتریایان بۆ دەکرێت و ژمارەیەکیشیان لە ھەولێر و سلێمانی توشی کۆلێرا بوون و پێویستیان بە مانەوەیە لە نەخۆشخانە تا چارەسەری پێویستیان بۆ بکرێت.

وتیشی، بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەتاکە چەندین رێکاری پێویستیان گرتووەتەبەر و سەرچاوەکانی ئاو و خۆراکیش ھۆکاری بڵاوبوونەوەی پەتاکەن و پێویستیشە ھاوڵاتیان رێنماییەکانی تەندروستی جێبەجێبکەن تا بە دووربن لە نەخۆشییەکە و لەگەڵ وەزارەتی شارەوانیش ھەماھەنگیان ھەیە بۆ کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکانی ئاوی خواردنەوە و بە بەردەوامی پشکنینی ئاوی خواردنەوە دەکەن و ئەو سەرچاوانەی ئاو، کە شیاو نەبن بۆ خواردنەوە دادەخرێن.

راشیگەیاند، بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەتاکە پاڵپشتی تەواوی پارێزگای سلێمانی دەکەن و بڕی دە تۆن پێداویستی پزیشکیان گەیاندووەتە سلێمانی.

ئاشکراشیکرد، بە دڵنیابوونەوە لە سەرچاوەی توشبوون بە کۆلێرا بە دڵنیاییەوە پەتاکە کۆنترۆڵ دەکەن و پێویست بە دڵەڕاوکێ ناکات، بەڵام ئەوەی زۆر گرنگە پاکوخاوێنی کەسی و ئاوی خواردنەوە و خۆراک و لەکاتی توشبوونی سکچونیش زوو گەیاندنی نەخۆشەکەیە بە نەخۆشخانە.