قائیمقامیەتی قەزای چەمچەماڵ لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئێوارەی ئەمڕۆ ١٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٢ ڕەمک ڕەمەزان قائیمقامی چەمچەماڵ لەگەڵ بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری سلێمانی و بەڕێوەبەری فەرمانگەکانی ئاوی چەمچەماڵ و شۆڕش سەردانی نوسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمیان کردوو لەگەڵ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران کۆبوونەوە.

راشیگەیاند، کۆبونەوەکە بەمەبەستی گفتوگۆکردن بوو لەسەر گرفتەکان و ھۆکارەکانی کەم ئاوی لە سنوری چەمچەماڵ و دەوروبەری و رێکارەکانی چارەسەر کردنیان.

لە بەشێکی تری راگەیەندراوەکەدا ھاتووە، لە کۆبوونەوەکە کە بەڕێوبەری ئاوی سلێمانی ئامادەی بوو، پێداویستییەکانی چارەسەرکردنی کەمئاوی خرایەروو، قوباد تاڵەبانی بڕیاریدا بودجەی پێویست تەرخان بکرێت بەمەبەستی دابینکردنی ئاوی زیاتر بۆ سنوری چەمچەماڵ و شۆڕش و تەکیە و ناوچەکانی تریش، لەگەڵ دابینکردنی بودجەیەک بۆ بەردەستی فەرمانگەکانی ئاو بەمەبەستی چاککردنی تۆڕی ئاو و بیر و پرۆژەکانی سنورەکە.