وەزارەتی تەندروستی: لە ھەولێر و سلێمانی ژمارەیەک حاڵەتی کۆلێرا دەستنیشانکراون
کوردسات نیوز
١٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٢
بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ژمارە و ڕێژەی تووشبوون بە نەخۆشیەکانی سکچوونی توند زیادیکردووە و تیمەکانی پەتازانی بەپێی ستانداردی پەتازانی ڕێژەی پشکنین بۆ دۆزینەوەی حاڵەتەکانی کۆلێرا ئەنجامدراوە، بەمەش ژمارەیەک لە حاڵەتەکانی کۆلێرا لە تەمەنە جیاوازەکان لە ھەردوو پارێزگای سلێمانی و ھەولێر دەستنیشانکراون.
وەزارەتی تەندروستی راشیگەیاندووە، دوای پشتڕاستکردنەوەی تاقیگەیی، بۆ ئەم مەبەستە وەزارەتی تەندروستی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ڕێکاری زیاتر و توندتری لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەکانی کشتوکاڵ و شارەوانی و ناوخۆ و پارێزگا و ئیدارەسەربەخۆکان گرتووەتەبەر بەھەماھەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی WHO و تەندروستی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان لەبواری خۆپارێزی و چارەسەری و دابینکردنی پێداویستی پزیشکی.
وەزارەتی تەندروستی داوا لە ھاوڵاتیان دەکات پابەندی ڕێنماییەکانی پاکوخاوێنی کەسی و دڵنیابوونەوە لە ئاوی پاکی خواردنەوە و خۆراک بن و لەکاتی دەرکەوتنی نیشانەکانی سکچوون بەزووترین کات پەیوەندی بە دەزگاکانی تەندروستی بکەن لەپێناو ڕێگریکردن لە ئاڵۆزکانییەکان و سەلامەتیان.