د. ڕێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، "ئەم یاسایە یەکێک دەبێت لەو یاسا ھەرەباشانەی کە پارێزگاری لە ژینگەی کوردستان دەکات، ھاوکات سنوورێک دادەنێت بۆ مامەڵەکردنی خەڵک لەگەڵ ئاژەڵە ماڵییەکان و کڕین و فرۆشتن پێیانەوە".

وتیشی، "دیاردەی زۆربوونی ئاژەڵی بێلانە لەسەر شەقامەکان و شوێنە گشتییەکان مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر ژیان و گیانی خەڵک، لە رووی تەندروستیشەوە گونجاو نییە، بێجگە لەوەی کە ئاژەڵەکانیش پارێزراو نین و دیمەنی لەناوچوونیان بەھۆی ڕووداوەکانی ھاتوچۆوە ڕۆژانە ئازاربەخشن و مایەی دڵتەنگین".

لای خۆیانەوە بەرپرسی شێڵتەرەکانی پاراستنی ئاژەڵە بێلانەکان، لەگەڵ پزیشکانی ڤێتەرنەری و چالاکوانانی بواری پاراستنی ئاژەڵە ماڵی و کێوییەکان، بە سەرنج و تێڕوانینەکانیان خۆیان خستەڕوو و بڕیار درا سەرجەم پێشنیاز و سەرنجەکان یەکبخرێن و ڕاوبۆچوونی شارەزایانی زیاتری لەبارەوە وەربگیرێت، بۆئەوەی دواتر وەک پێشنیازەیاسایەکی تێروتەسەل بخرێتە بەرنامەی کاری دانیشتنەکانی پەرلەمان و خوێندنەوەی یەکەمی بۆ بکرێت.