ئەمڕۆ ٧٥ ساڵ بەسەر لە سێدارەدانی چوار ئەفسەرە کوردەکە تێدەپەڕێت
کوردسات نیوز
١٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٢
ئەفسەرانی شەھید "محەمەد قودسی و خەیروڵا عەبدولکەریم و مستەفا خۆشناو و عزەت عەبدولعەزیز"، ساڵی ١٩٤٦ لە باشووری کوردستانەوە، چوونە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەھۆی بە شارەزاییان لە بواری سەربازیی، بەشداریان لە دامەزراندنی لەشکری کوردستان کرد، بەڵام دوای رووخانی کۆماری کوردستان کە تەمەنی کۆمارەکە تەنھا ١١ مانگ بوو، ئەو چوار ئەفسەرە گەڕانەوە کوردستان و لە لایەن پۆلیسی حکوومەتی ئەو کاتەی عێراقەوە دەستگیرکران و بە تۆمەتی باخیبوون لە سوپای عێراق و و بەشداریکردنیان لە ھێزی پێشمەرگەی کۆماری کوردستان لە مەھاباد، لە ١٩ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٤٧ لە شاری بەغداد لە سێدارە دران.
ئەو چوار ئەفسەرە، لە نامەیەکی ھاوبەشی دەستنووسدا، کە تەنھا ١٤ سەعات پێش لە سێدارەدان نووسیوویانە، سوورن لەسەر دژایەتیکردنی نەزانی و دواکەوتوویی خێڵەکی و بەھۆکاری سەرەکی شکستەکانی کوردیان داناوە.
لە بەردەم باخی گشتیی شاری سلێمانی، پەیکەری ئەو چوار ئەفسەرە شەھیدە دانراوە، کە پەیکەرەکان ساڵی ٢٠١٦ لە لایەن پەیکەرتاش زاھیر سدیقەوە دروستکراون و چەند جارێک نۆژەنکراونەتەوە.