وەزیری سامانە سروشتییەکان: لەھەفتەیەکدا ٣ ملیۆن لیتر بەنزین بە ٨٠٠ دینار دەخرێتە بازاڕەوە
١٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٢
کەمال محمد، وەزیری سامانە سروشتییەکانی ھەرێم بەوەکالەت لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، خواستی بەکارھێنانی بەنزین لە ھەرێمی کوردستان رۆژانە ٥ تا ٦ ملیۆن لیترە و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە سێ سەرچاوە بەنزین دابین دەکات، کە یەک ملیۆن لیتری لە پاڵاوگەی کار و یەک ملیۆن و ٥٠ ھەزار لیتری دیکە بە پێی رێکەوتنێکی نێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی نەوتی عێراق دابین دەکرێت و ئەوی دیکە لە دەرەوەی ھەرێم ھەناردە دەکرێت، بەڵام ئەوەی تایبەتە بە عێراق ماوەی ٤٥ رۆژە ناردنی ئەو بەنزینە راگیراوە.
راشیگەیاند، بڕیاردراوە رۆژانە ٢ ملیۆن لیتر بەنزین بۆ ھەولێر و دھۆک دابین بکرێت لەگەڵ دابینکردنی زیاتر لە ١ ملیۆن لیتر بەنزینی دیکە بۆ سلێمانی و ھەڵەبجە. ھەروەھا وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەگەڵ کۆمپانیایەکدا رێککەوتوون کە ٢ تا ٣ ملیۆن لیتر بەنزینی دیکە دابین بکات.
وەزیری سامانە سروشتییەکان ئەوەشی راگەیاند، کە پێشبینی دەکرێت لە ماوەی ھەفتەیەکدا ٣ ملیۆن لیتر بەنزین بخرێتە بازاڕەوە و بۆ ھەر لیترێکی ١٢٠٠ دینار لەسەر حکومەت دەکەوێت، بەڵام ٤٠٠ دینار پاڵپشتی دەکرێت بۆ ئەوەی نرخەکەی بۆ ٨٠٠ دینار دابەزێت.