محەمەد حەسیب بەرێوەبەری نەوت و کانزاکانی سلێمانی لە بەشداریکردنی بەرنامەی تا یەکی کوردسات نیوز رایگەیاند، ماوەی دوو رۆژە دەستیانکردووە بە دابەشکردنی بەنزینی ٨٠٠ دیناری و ھەندێک کەموکوڕی ھەیە لە گەشتنی بەنزین بۆ بەنزینخانەکان و لە ئێستادا لە ھەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە تا ھاوڵاتیان لە بەیانی زوەوە لە سەرەی بەنزیندا نەوەستن و ژمارەی بەنزینخانەکانیش کەمدەکەنەوە. 

لەبارەی کوالیتی بەنزینەکەشەوە وتی، پێش دابەشکردنی پشکنینیان بۆ بەنزینەکە کردووە و لە پشکنینەکاندا دەرچوون و زیانی بۆ ژینگە و تەندروستی نییە و بەنزینێکی نۆرماڵی ئاساییە، نەک موحەسەن.

لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکرێت ئەو بەنزینەی بە ٨٠٠ دینار دابەشدەکرێت بەنزینی ٦٩٠ دینارییە بەرێوەبەری نەوت و کانزاکانی سلێمانی رونیکردەوە، ئەو قسانە ھیچی راست نییە و ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران لە بەغداد دەتوانن تەئکید بکەنەوە لە وەزارەتی نەوتی عێراق بزانن بەنزینی ٦٩٠ دینارییە.

ئاشکراشیکرد، لە ئێستادا بەنزینی ٦٩٠ دیناری تەنھا لە ھەولێر و دھۆک دابەشدەکرێت و داوامانکردووە بەشی سلێمانیش بدرێت و چاوەڕێی وەڵامن، بەڵام دابەشکردنی بەنزینی ٨٠٠ دیناری بەردەوام دەبێت.