عەلی حەمە ساڵح: ھەولێر لەبەردەم گەورەترین کارەساتدایە
کوردسات نیوز
١٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٢
عەلی حەمە ساڵح ئەندامی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، قوڵای بیر لە ماوەی ٢٦ ساڵدا لە ھەولێر لە ١٢٠ مەترە و بووە بە ٧٠٠ مەتر پارساڵ ٥٠٠ مەتر بوو و دوو ساڵی تر قوڵای بیر دەگاتە نزیکەی ١٠٠٠ مەتر دواتر بە یەکجاری نیوەی ھەولێر بێ ئاو دەبێت.
ئاشکراشیکرد، ھۆکاری سەرەکی لێدانی بیرێکی ئێجگار زۆر لەم ماوەدا، شوقە و پرۆژەکانی نیشتەجێبون تێکڕا پشتیان بە ئاوی ژێر زەوی بەستوو بە ویستی خۆیان قوڵیان کردووە و ژمارەیەکی زۆر باخ لە دەوروبەری ھەولێریش بەویستی خۆیان بیریان لێداوە.
لەبارەی چارەسەریشەوە وتی، پەلەبکرێت لە راکێشانی بۆری ئاو بۆ سەرجەم ئەو گەڕەک و پرۆژە نیشتەجێبونانەی پشتیان بە ئاوی ژێر زەوی بەستوە لە نێوخۆش تۆڕی ئاو دابندرێت.
رونیکردەوە، دەتوانرێت سوود لە فرۆشتنی دوو پارچە زەوی نایەب وەربگیرێت، کە یەکێکیان لە تەنیشت ھۆتێل رۆتانا ٢٠٠ دۆنمە و بەھاکەی ٧٠٠ ملیۆن دۆلارە و ئەویتریان لەنێو شاری خەونەکان بەھاکەی ٢٦٧ ملیۆن دۆلارە.