بە پێی رۆژنامەی شەرقولئەوسەت، ھەفتەی رابردوو مەزڵوم کۆبانێ فەرماندەی گشتی ھێزەکانی سوریای دیموکرات (ھەسەدە) لەگەڵ (ئەلیکسەندەر چایکو) فەرماندەی ھێزەکانی روسیا لە سوریا کوبووەتەوە و فەرماندەکەی روسیا باسی لە تێکەڵکردنی ھێزەکانی (ھەسەدە) بە سوپای سوریا کردوە لەگەڵ ناردنی ھێزێکی زیاتری سوپای سوریا بۆ سەر سنوری نێوان تورکیا و سوریا لە مەنبەج و کوبانێ و عەین عیسا و ریفی حەسەکە.

ئاماژەی بەوەشکردوە، لە بەرامبەر ئەو ھەنگاوەدا ھێزەکانی روسیا پابەند دەبن بە رێککەوتنەکانیان لەگەڵ ھەسەدە و تورکیا، بەڵام مەزڵوم کۆبانێ داوای لە روسیا کردوە تورکیا پابەند بکرێت بە ئاگربەست و ھێزەکانی لە مەنبەج و کۆبانێ و تەل رفعەت زیاتر بکات.

ئیلھام ئەحمەد سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی (مەسەدە)ش راگەیاند، حکومەتی دیمەشق ھیچ ھەڵوێستێکی نوێی نییە و داوای لە ھێزەکانی روسیا و حکومەتی سوریاش کرد سنوری نێوان تورکیا و رۆژئاڤای کوردستان بپارێزن.