د.پشدەر عەبدوڵا بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی د.جەمال ئەحمەد ڕەشیدی منداڵان لە سلێمانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، چەند حاڵەتێکی گیانلەدەستدانی منداڵان بەھۆی بەکارھێنانی دەرمانی گیاییەوە روویانداوە و چەند منداڵێکیش مەترسی بۆسەر ژیانیان دروستبووە، ساڵی رابردوویش لەماوەی دوو ھەفتەدا سێ منداڵ گیانیان لەدەستداوە.

وتیشی، لە ئێستادا دەرمانی گیای بووەتە بەشێک لە چارەسەر لە جیھاندا و ئەوانیش بەکاری دەھێنن کە کەمترین لێکەوتەی ھەیە بەراورد بە دەرمانەکانی تر، بەڵام ئەو دەرمانە گیاییانەی ئەوان بەکاری دەھێنن چەندین توێژینەوەی لەبارەوە کراوە و رێگەپێدراوە، لەکاتێکدا ئەو دەرمانە گیاییانەی لەناو ھاوڵاتیاندا بەکاردەھێنرێت چەندین کاریگەری خراپی ھەیە و ھەندێکجار وەکو ژەھر مامەڵە دەکات.

راشیگەیاند، داواکارن لەو کەسانەی دەرمانی گیاییان ھەیە بە دروستی مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتە بکەن و ھەموو دەرمانێک بەکارنەھێنن، چونکە لەوانەیە کارەساتی لێبکەوێتەوە.

د.پشدەر عەبدوڵا تەئکیدیکردەوە، ساڵانە چەندین منداڵ گیانیان لەدەستداوە و مەترسی بۆسەر ژیانیان دروست دەبێت بەھۆی ئەوەی دەرمانی گیاییان بۆ بەکاردەھێنرێت یان پزیشک ھەیە، کە پزیشکی منداڵان نییە و منداڵ دەبینێت و چارەسەری بۆ دەنووسێت، بۆیە پێویستە لێپرسینەوەیەکی جدی بکرێت و رێگە لەوکارانە بگیرێت و دووبارە نەبێتەوە.