ئەمڕۆ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت بۆ ئەوەی پشتگیریی تەواوی خۆی پێشکەش بە کۆی تیمی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان و بەڕێوەبەرە نوێکەیان بکات، سەردانی بەڕێوەبەرایەتیەکەی  لە شاری ھەولێر کرد.

لە پێگەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک کە بە سێ زمان بڵاوی کردەوە، قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند، بەڕێوەبەرایەتیەکە کاری پڕ بەھا دەکەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان.

ھەروەھا داوای لە پیاوانی ئاینیی، دادوەرەکان، سەرۆک عەشرەتەکان، فەرمانبەران، پزیشکان، مامۆستایانی زانکۆ، خوێندکاران، سیاسەتمەداران و ھەمووان کرد، پشتگیری بەڕێوەبەرایەتیەکە لە ئەرکەکەیاندا بکەن.

قوباد تاڵەبانی بنبڕکردنی بەڵای توندوتیژی دژی ژنانی گەڕاندەوە بۆ بەژداری ھەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا لەو کارەدا. 

قوباد تاڵەبانی بە دروشمی "ھیچ شەرەفێک لە ژن کوشتندا نییە،" کۆتای بە پەیامەکەی لە پێگەی فەرمی خۆێ لە فەیسبووکدا هێنا.