لە راگەیەندراوی کۆبوونەوەی نێوان قوباد تاڵەبانی و بەشێک لە بەرپرسانی حکومەتی هەرێمدا ھاتووە، "بڕیاردرا؛ پشتبەست بە داتاو زانیارییەکانی سیستەمی بایۆمەتری،‌ کار لەسەر دامەزراندنی میلاکی ئەلیکترۆنی بکرێت لەچوارچێوەی ھەیکەلیەتی ئەنجومەنی راژە."

بەپێی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، ھەریەکە لە رێباز حەملان یاریدەدەری سەرۆکی حکومەت بۆ کاروباری ئەنجومەنی باڵای وەبەرھێنان و ئەنجومەنی گشتی راژە و دکتۆر ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا ھاتووە، "ئامانج لە دامەزراندنی ئەنجومەنی راژە؛ رێکخستن و دانانی پەیکەری وەزارەتەکان و رێکخستنی پلەبەندی ودابەشکردنی راژەی فەرمانبەران بەپێی پێویستی وشارەزایی و پسپۆڕییان و دیاری کردنی پلەی وەزیفی و وەسفی وەزیفی فەرمانبەران لە ئەرک و کارەکانیان لەناو دامەزراوەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە پێناو باشتر خزمەتکردنی ھاوڵاتیان."