قوباد تاڵەبانی، لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال پێشوازیکرد لە بەڵێن عەبدوڵڵا، سکرتێری حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان و وەفدی یاوەری و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا باس لە رەوشی هەرێمی کوردستان و چۆنییەتی بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان کرا.
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی سێشەممە (15/9/2026) لە هەولێر بەڕێوەچوو، دوای گفتوگۆکردن لەبارەی رەوشی سیاسیی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی کاری پێکەوەیی و هەماهەنگی نێوان هەموو لایەنە سیاسییەکان بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان لە هەموو جۆرە هەڕەشە و مەترسییەک.
سکرتێری حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان رۆڵی یەکێتی و سەرۆکی یەکێتی بەرز نرخاند لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، هیواشی خواست یەکێتی لە هەوڵەکانی بەردەوام بێت بۆ لێکنزیککردنەوەی بۆچوونی لایەنەکان بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بە سەلامەتی ئەم قۆناغە هەستیار و پڕ مەترسییەی لە ناوچەکەدا هەیە تێپەڕێنێت.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا هەردوولا بە گرنگییەوە باسیان لە پێویستی پێشخستنی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی و حیزبی زەحمەتکێشان کرد و ئامادەییان دەربڕی بۆ زیاترکردنی ئاستی هاوکاری و هەماهەنگیی نێوانیان.