ھیوا قەرانی سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین بە کوردسات نیوزی راگەیاند، بە مەبەستی کەمکردنەوەی رۆتینات و ئاسانکاری بۆ ھاوڵاتییان کە سەردانی پارێزگای سلێمانی نەکەن بۆ رایی کردنی کارەکانیان، بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانی راپەڕین دەکرێتەوە.

ھیوا قەرانی وتیشی، لە ساڵی ٢٠١٢ەوە ئیدارەی راپەڕین دامەزراوە، بەڵام بەھۆی قەیرانی دارایی، شەڕی داعش و پەتای کۆرۆنا، کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانی راپەڕین دوا کەوت.

ھیوا قەرانی راشیگەیاند، "خۆشبەختانە لە چەند رۆژی رابردوودا کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی راپەڕین فەرمانی کردنەوەی بۆ دەرچووە و ناحیەی حاجیاواش دەکرێت بە قەزا."

ئاماژەی بەوەشکرد، لە چەند رۆژی داھاتوودا بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە و کشتوکاڵ و کارەبا و گەشتوگوار دەکرێنەوە و نوسراویان بۆ ئەو مەبەستە کردووە.

ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین بڵاویکردەوە، بۆ زیاتر گرنگیدان بە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شارەوانییەکانی ڕاپەرین لە ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەرین، لەسەر میلاکی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان دەکرێتەوە.

راشیگەیاند، حکومەتی ھەرێم بڕیاریداوە ناحیەی حاجیاوا لە سنووری ئیدارەی ڕاپەرین بکرێت بە قەزا.