شەپۆلێکی خۆڵبارین لە بەغداد و ناوچەکانی باشوری عێراقەوە دەستیپێکردووە و کاریگەرییەکانی لە بەشێک لە ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان و بەتایبەت ھەولێر دەرکەوتووە.

ھەر بەھۆی چڕی خۆڵبارین فڕۆکەخانەی بەغداد سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی ڕاگرتووە.

بەپێی پێشبینییەکانی کەشوھەوا، شەپۆلی خۆڵبارین لە رۆژی دوو شەممەشەوە چڕ تر دەبێت و حکومەتی عێراقیش بەھۆی ئەو شەپۆلی خۆڵبارینەوە پشووی رەسمی لەسەرجەم فەرمانگە حکومییەمان جگە لە خزمەتگوزارییەکان بۆ رۆژی دوو شەممە راگەیاند، وەزارەتی پەروەردەش ئەو تاقیکردنەوانەی دواخست کە دەکەونە رۆژی دوو شەممەوە.

کەشناسی ئێرانیش لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، شەپۆلێکی خۆڵبارین لە سنورەکانی ھەرێمی کوردستانەوە روو لە پارێزگاکانی کرماشان و سنە و ورمێ دەکات و دواتر زۆربەی ناوچەکانی وڵاتەکە دەگرێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، شەپۆلەکە تا رۆژی چوارشەممە بەردەوام دەبێت و لە ھەندێک ناوچەش پلەی گەرما ١٣ پلە بەرزتردەبێتەوە.