پۆلیسی سلێمانی: لە ڕووداوی گیانلەدەستدانی لیا سەرجەم کامێراکانی چاودێریی سەیر کراونەتەوە
٢٠ی ئایاری ٢٠٢٢
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕوونکردنەوەیەکی لە بارەی گیانلەدەستدانی لیا عەلی تەمەن ١٠ ساڵ بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، وەک پۆلیسی سلێمانی لە بارەی گیانلەدەستدانی لیا عەلی بە ھەموو لایەکی ڕادەگەیەنن کە ھێزەکانیان لە سەرەتای ڕووداوەکەوە لێکۆڵینەوەکانی دەسپێکردووە و سەرجەم کامێراکانی چاودێریی وەرگیراون و سەیر کراونەتەوە، بە بڕیاری دادوەر خاوەن ماڵی ڕووداوەکە، بانگھێشتی دادگا کراوە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا کراوە و بە سپاردە ئازاد کراوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا بە بڕیاری دادوەر و بە ئامادەبوونی مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی ڕاپەڕین و تیمەکانی بەشی پۆلیسی بەڵگەی تاوان و پزیشکانی دادوەری تەرمی کۆچکردوو لەناو گۆڕەکەی دەرھێنراوەتەوە و لە پزیشکی دادوەری سلێمانییە، توێکاریی بۆ لاشەکەی دەکرێت و لێکۆڵینەوەش لە ڕووداوەکە بەردەوام دەبێت.
پۆلیسی سلێمانی ئاشکراشی کرد، بەداخەوە ھەندێک لە دەزگای ڕاگەیاندن و میدیایی، ھەواڵ لەسەر گیانلەدەستدانی لیای ١٠ ساڵ بڵاودەکەنەوە، بێ گەڕانەوە بۆ لێدوانی پۆلیسی سلێمانی، کە ئەمەش زیان بە لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس دەگەیەنێت.


