وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ھەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، بریاردرا بەکڕینەوەی گەنمی جوتیاران لە دەرەوەی پڕۆسەی وەرگرتنی گەنم لە سایلۆکانی ھەرێمی کوردستان، بەپێی گرێبەستی نێوان وەزارەت و ھەر دوو کۆمپانیای خۆشناو و قەیوان کە پڕۆژەی بەبازاڕکردنی گەنمی جوتیاران جێبەجێدەکەن .

راشیگەیاند، نرخی ھەر تەنێکی گەنمی پلەیەک ٨٥٠,٠٠٠ دینارە، بەھەمان ئەو نرخەی کە لە سایلۆکانی عێراق وەردەگیرێتەوە و بەپێی مواسەفات و ستاندەری وەزارەتی بازرگانی حکومەتی عێراقی فیدراڵ دەبێت.

ئاشکراشیکردووە، جوتیاران دەتوانن لەدوای پشکنین و وەرگرتنی گەنمەکانیان پارەی شایستەی دارایی خۆیان راستەوخۆ وەربگرن .

لە رێکەوتی ١ی ٦ی ٢٠٢٢ پڕۆسەی وەرگرتن لە سایلۆکان لەلایەن ھەردوو کۆمپانیای سەرپەرشتیاری پڕۆژەی بەبازاڕکردنی گەنم دەستپێدەکات و جوتیارانی ھەرێمی کوردستان دەتوانن گەنمەکانیان لە ماوەی ٤٤ ڕۆژدا تا ١٤ی ٧ی ٢٠٢٢ رادەست بکەن.