بەغداد بە ناردنی ٤٧ بارھەڵگر گەنم کێشەی کەمی ئارد لە ھەرێم چارەسەر دەکات
کوردسات نیوز
٥ی ئایاری ٢٠٢٢
د.موسەننا ئەمین، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ د.عەلا جبوری وەزیری بازرگانی عێراق پێی ڕاگەیاندووە ٧ بارھەڵگر گەنم ڕەوانەی ھەرێم کراوە و ٤٠ باھەڵگری دیکەی گەنم بەڕێگاوەیە و ڕەوانەی ئاشەکانی ھەرێم دەکرێت.
ھەروەھا وەزیری بازرگانی دڵنیایی تەواویدا کە لە ماوەی چەند ڕۆژی داھاتوودا کێشەی ئاردی ھەرێمی کوردستان چارەسەر دەبێت.
بەھۆی کاریگەرییەکانی جەنگی روسیا و ئۆکراین و بەرزبوونەوەی نرخی گەنم و دانەوێڵە لە جیھان و عێراق و ھەرێمی کوردستانیش، بۆ ئەمساڵ سەرجەم بەرھەمی گەنمی جوتیارانی عێراق و ھەرێمی کوردستان بە نرخی رۆژ وەردەگیرێت.
نەوزاد کامل بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە کوردسات نیوز رایگەیاند، ئەمساڵ لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی عێراق جەختیان لەوەکردووەتەوە سەرجەم بەرھەمی گەنمی جوتیاران وەردەگرنەوە بەنرخێکی زیاتر و بەپێی نرخی رۆژ بۆ ئەوەش لە ئێستادا لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ لەسەرخەتن و ھیچ سنورێکیش دیاری نەکراوە بۆ وەرگرتنی گەنم و جوتیاران ھەرچەند بەرھەمیان ھەبێت لێیان وەردەگیرێت.