نوسینگەی نوێنەرایەتی باڵیۆزخانەی ڤەنزوێلا لە سلێمانی دەکرێتەوە
٤ی ئایاری ٢٠٢٢
"ئازاد محەمەد ئەمین" سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، پێشوازی لە "ئەرتورۆ ئەنیبال" باڵیۆزی ڤەنزوێلا لە عێراق کرد. باڵیۆزی فەنزوێلا رایگەیاند، دەیانەوێت بە پاڵپشتی ئەنجومەنی پارێزگا و لایەنە حکومی و ئیدارییەکان، نوسینگەی نوێنەرایەتی باڵیۆزخانە لە سلێمانی و نوسینگەی کاروباری بازرگانی لە ژووری بازرگانی سلێمانی بکەنەوە.
سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگاش رایگەیاند، سلێمانی خاوەنی دوو بەنداوی گەورە و فڕۆکەخانە و دوو دەروازەی نێودەوڵەتی و خاک و زەویەکی زۆری بەپیت و نەوت و گازی زۆر و ناوچەیەکی جوگرافی شاخاوی دڵڕفێن و چەندین زانکۆیە، تیشکی خۆر و ئاو و ھەوای گونجاوی ھەیە بۆ بەرھەمھێنانی کارەبا، ٣٢%ی پیشەسازیی عێراقیش پێکدێنێت.
ھەموو کارئاسانی و پاڵپشتییەکیشی بۆ کردنەوەی نوسینگەی باڵیۆزخانەی ڤەنزوێلا لە سلێمانی ڕاگەیاند و داواشیکرد ئەزمونیان لە بوارەکانی نەوت و گاز و کارەبا و کشتوکاڵ بگوێزنەوە بۆ سلێمانی.