لە ئەمڕۆوە تا پێنجشەممە شەپۆلێکی خۆڵبارین عێراق و ھەرێم دەگرێتەوە
کوردسات نیوز
٤ی ئایاری ٢٠٢٢
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ ئاسمان نیمچە ھەور دەبێت، لەگەڵ بوونی تۆزێکی سووک، بەڵام لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆوە تۆزەکە زیاتر دەبێت، پلەی گەرمای پێشبینیکراویش لە نێوان ١٥ بۆ ٢٨ پلەی سیلیزی دەبێت.
دەستەی گشتیی کەشناسیی عێراقیش ئاماژەی بەوەکرد، ئەمڕۆ نزمە پاڵەپەستۆییەک لە باکووری ئەفریقا، کاریگەری لەسەر زۆربەی کەشوھەوای عێراق ھەیە و دەبێتە ھۆی خۆڵبارین.
راشیگەیاند، سەرەتا کاریگەرییەکانی خۆڵبارینەکە لە نیوەڕۆوە لە ناسریە و نەجەف و سەماوە دەستپێدەکەن و لە ئێوارەش بەشەکانی خۆرئاوای عێراق، بە تایبەتی موسڵ و رومادی و تکریت و دواتریش ھەموو ناوچەکانی ناوەڕاست دەگرێتەوە، راشیگەیاند، کاریگەرییەکانی ئەو شەپۆلە تا رۆژی پێنجشەممە بەردەوام دەبێت و لە ئێوارەی پێنجشەممەوە کەشوھەوا باشتر دەبێت و پلەکانی گەرماش چەند پلەیەک دادەبەزن.